یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بە پشتیوانی خۆیان بۆ هاوکاری سوریا دووپاتکردەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، یەکێتی ئەوروپا، پێشکەشکردنی زیاتر لە 1.5 ملیار یۆرۆی وەک هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی سوریا راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی حەوتەمین کۆنفرانسی هاوکارییەکان بۆ سوریا، کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەدەچوو.
هەروەها پاڵپشتییەکانی وڵاتانی دراوسێ و وەرگرتنی پەنابەریشیان لەخۆگرتبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانەی بەهۆی جەنگەکەوە دروستبووە، چونکە یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە بڕی 560 ملیۆن یۆرۆی دیکە (600 ملیۆن دۆلار) لەساڵی 2024دا تەرخان بکات بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی دراوسێی سوریا بۆ هەڵگرتنی تێچووی میوانداریکردنی پەنابەرانی سوریا.
ئەڵمانیا بەڵێنی زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆی دا بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران لە سوریا و ناوچەکە، کە لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و وەزارەتی گەشەپێداندا دابەشکراوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، “ئەمریکا لە میانی کۆنفرانسەکەدا هاوکاری زیاتری بۆ سوریا بە بەهای 920 ملیۆن دۆلار راگەیاندووە”.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پاکێجە نوێیەکەدا کۆی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ سوریا و ناوچەکە بەرزدەکاتەوە بۆ 1.1 ملیار دۆلار لەمساڵدا و نزیکەی 16.9 ملیار دۆلاریش لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە سوریا.
ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسی برۆکسل، هەر وەک کۆنفرانسەکانی پێشوو، دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەردەوامە بۆ خەڵکی بەشمەینەتی سوریا، جا چ لە ناوخۆی وڵات بێت یان لە وڵاتانی پەنابەریی.
دوێنێ پێنجشەممە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل، لە میانی راگەیاندنی ئەو بڕە پارەیەدا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی خێرخوازان بۆ سوریا گوتی: “بەداخەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر کەم بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا بەدیهاتووە”.
ئاماژه ی به وه شدا، ئه م هاوکارییه بۆ هاوڵاتیانی ناو سوریایە، هەروەها بۆ ئاوارەکان و ئەو وڵاتانەی میواندارییان دەکەن، نه ک بۆ “رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆمار”.