پارتی یەکێتیی سریانی لە حەسەکە یادی کۆمەڵکوژییەکەی “سەیفۆ” دەکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، پارتی یەکێتیی سریانی، یادی “کۆمەڵکوژییەکانی سێفۆ”ی کردەوە کە 108ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەکو دوێنێدا، لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکیا دژ بە سریانی و ئاشوورییەکان ئەنجامیداوە.
یادەکە لە بارەگای کۆمەڵەی رۆشنبیری سەیانی لە گەڕەکی ناسیرە لە شاری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، کرایەوە.
ئەو یادەکردنەوەیە، پێکهاتبوو لە چەند بەرنامەیەکی وەک خوێندنەوەی گوتار و شیعر و رێپێوانێک لە بارەگای کۆمەڵەکەوە تا یادی “شەهیدانی سەیفۆ” لەو گەڕەکە، بە بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە.
ئەندامێکی پارتی یەکێتی سریانی، ئیبراهیم قس ئیبراهیم، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی سەیفۆ بە بەشداریی دامەزراوە و لایەنەکانی حەسەکە یادەکەیان کردەوە، هەروەها سیمپۆزیۆمێکی مێژوویی لەخۆگرتبوو لەسەر ئەو رووداوانەی لە ساڵی 1915دا روویانداوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “بە بەشداری پیاوماقووڵ و منداڵ و گەنج و ژنان بۆ یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی سریانی- ئاشووری رێپێوانیان کرا و مۆمیش بۆ گیانی قوربانیان داگیرسێندرا، دروشمی: “تۆڵەمان ناوێت، دانپێدانانمان دەوێت” بەرز کرایەوە”.
پێرێ چوارشەممە، پارتە سریانی و رێکخراوە ئاشوورییەکان لە شەقامەکانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، رێپێوانێکیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی بەهەمان شێوە داوای دانپێدانان و بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی “سەیفۆ” بکەن.