حەوتەمین کۆنفرانسی برۆکسل بۆ پشتیوانی لە سوریا – نۆرس پرێس
دیمەشق – نۆرس پرێس
یەکێتی ئەوروپا، ئەمرۆ پێنجشەممە، 15ی حوزەیرانی 2023، لە کۆنفرانسی بەخشەران بۆ سوریا، کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، پێشکەشکردنی زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاری بۆ سوریاییەکان راگەیاند.
یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی خۆی بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا کە سەدان هەزار پەنابەری سوری لەو وڵاتانە دەمێننەوە نیشاندا، و رایگەیاند کە یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە بڕی 560 ملیۆن یۆرۆی دیکە (600 ملیۆن دۆلار) لەساڵی 2024دا تەرخان بکات بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی دراوسێی سوریا لە چوارچێوەی یارمەتیدانیان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی پێشوازیکردن لە پەنابەرە سورییەکان.
هاوکات ئەڵمانیا بەڵێنیدا زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆی بۆ تەرخان بکات بۆ هاوکاریکردنی پەنابەری سوریا لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، “واشنتۆن لە میانی کۆنفرانسەکەدا ئامادەیی خۆی نیشاندا تاوەکو 920 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە گەلی سوریا بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پاکێجە نوێیەکەدا کۆی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ گەلی سوریا و ناوچەکە بەرزدەکاتەوە بۆ یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار لەمساڵدا و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە نزیکەی 16 ملیار و9 ملیۆن پێشکێشکردوە.
ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسی برۆکسل، وەک چۆن لە کۆنفرانسەکانی پێشوودا، دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەردەوامە بۆ سوریاییەکان، چ لە ناوخۆی سوریا بێت یان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بێت.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە، لە برۆکسل لە میانی راگەیاندنی ئەو بڕە پارەیە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی خێرخوازان بۆ سوریا گوتی: “بەداخەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر کەم لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا بەدیهاتووە.”
ئاماژە بەوەشدا، کە ئەم هاوکاریانە بۆ خەڵکی سوریا و وڵاتانی دراوسێی سوریا دەبێت نەک بۆ حکومەتەکەی دیمەشق و رژێمی سوریا.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، چالاکوانانی سووری بە نوێنەرایەتی رێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە کۆنفرانسی برۆکسل بۆ پشتیوانی لە سوریا، رەخنەیان گرت لە “پەراوێزخستنی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا” لە کۆنفرانسەکەدا، کە پەراوێزخستنە دەبێتە هوکاری دروستبوونی “جیاوازییەکی گەورە” لە نێوان پێکهاتەکانی سوریادا.
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، سەبارەت بە قەیرانی سوریا، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رەشبینی خۆی سەبارەت بە دۆخی سوریا دەربڕی، کە شەڕەکە لە ساڵی 2011ەوە بەردەوامە، بەهۆیەوە نزیکەی 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری بەجێهێشتووە.
جۆزێپ بۆرێل ئاماژەی بەوەشکرد، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و سوریا و ئاساییبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی دیمەشق لە نەخشە و لە ستراتیژییەتی یەکێتی ئەوروپادا نییە.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو 14-15 ئەم مانگە لە برۆکسل حەوتەمین کۆنفرانسی برۆکسل لە بارەی “پشتیوانیکردنی ئایندەی سوریا و ناوچەکە” بەڕێوەچوو.