سلێمانی.. چەند بۆنەیەک لە یادی کۆچی شێرکۆ بێکەسدا رێکخرا

سلێمانی – نۆرس پرێس

دوێنێ لە یادی نۆ ساڵەی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسدا، لە شاری سلێمانی، هەرێمی کوردستان چەند بۆنەیەک بەڕێوەچوو.

شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ی ئایاری ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوکردوەتەوە، ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ داوە، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.

ساڵی ١٩٨۷ لە وڵاتی سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسکی» پێ بەخشرا و شیعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کەنەدا بوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» ی دامەزراند.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی «خاک» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بەخشی.

شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند. شیعری شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە.

شێرکۆ بێکەس، دەیەها دیوانی شیعری لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپ دراون.

دوێنێ و لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد “شێرکۆ بێکەس”دا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کاتژمێر شەشی ئێوارە لەسەر مەزاری شاعیر لە پارکی ئازادی ئەم چالاکییانەی پێشکەش کرد:

  • پێشانگایەکی تایبەت بە هونەمەندی شێوەکار “بەکر عەبدولڕەحمان”، کە چەند کارێکی تایبەتە بە شاعیر شێرکۆ بێکەسی لەخۆگرتبوو.
  • ناساندنی کتێبی “ڕووبەڕوو لە سێبەری چیادا” کە بریتییە لە کۆمەڵێک بیرەوەریی ژیانی شاعیر شێرکۆ بێکەس بە قەڵەمی خۆی و هەروەها گفتوگۆیەکی درێژ لەگەڵ شاعیردا، کە لە لایەن نووسەر “هەڤاڵ کوێستانی”یەوە ساز کراوە، ناسێنرا.
  • چەند چالاکییەکی میوزیکی لە لایەن بەشی میوزیکی سەر بە بەڕێوەبەرێتیی ڕۆشنبیری و هونەرەوە لە سلێمانیەوە.
  • هەروەها لە هەمان ڕۆژدا و کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ، بە هاوکاریی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ناوەندی هونەریی حەوت ڕەنگە سێیەمین دیداری نێودەوڵەتیی کارتۆنی، لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە کردەوە، کە تایبەت بوو بە “شیرکۆ بێکەس”.

شێرکۆ بێکەس لە 24ی ئابی 2013 دا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا، گیانی سپارد.

بەر لە مردنی شێرکۆ وەسێتنامەیەکی بڵاوکرەوە کە تیایدا داوا دەکات لە پارکی ئازادی و ئاڵای کوردستانی لێوە بپێچن و بەدەم چریکەی گۆرانی کوردیەوە بینێژن.