دوای بڕینی هاوکارییەکان.. ژنانی کامپی مەحمودلی لە دەرەوەی کامپەکە بەدوای کاردا دەگەڕێن

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاربەدەستێکی کامپی مەحمودلی لە گوندەواری ڕرۆژئاوای رەققە، رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، نەبوونی بەردەوامی هاوکاری بۆ کامپەکەدا وای لە ژنان کردووە بەدوای رێگایەکدا بگەڕێن بۆ ئەوەی لە دەرەوەی کامپەکە کاربکەن و بژێوی ژیان دابین بکەن، بۆ ئەمەش منداڵەکانیان بەجێدەهێڵن و دەڕۆن بەدوای بژێویدا.

کاری ژنان لایەنێکی تری ئازار و نەهامەتییەکنە، بەو پێیەی زۆرینەیان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە مووچەیەکی کەم کاردەکەن، بۆ دەستەبەرکردنی بەشێک لە خەرجییەکانیان و بژێوی خێزانەکانیان، ئەمە جگە لە بارگرانییەکانی ماڵ و چاودێری منداڵ.

سیهام العەقلە، کارگێڕ لە کامپی مەحمودلی رایگەیاند، زۆرینەی ژنان دەچن بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ کار و ژمارەیان دوو هێندە زیادی کردووە لەچاو پێشتردا.

لە لێدوانیدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنانە ناچاربوون بەرگەی سەختی کارکردن لە دەرەوەی کامپەکە بگرن بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو پێداویستیانە بکەنەوە، کە لە خۆراک و پاڵپشتی تەندروستیدا لەدەستیانداوە دوای پچڕانی پشتگیرییەکان لە لایەن رێکخراوەکانەوە.

کاربەدەستەکەی کامپەکە ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە 500 ژنی کەمپەکە لە دەرەوەی کەمپەکە کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پیاوانی کامپەکە کە کاری شوانی دەکەن، ناچارن ژن یان کچەکانیان ببەن بۆ کارکردن لەگەڵ خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن.

پێشتر ئەمەل ئەلعیسا، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە تەبقە رایگەیاندبوو، کەمپی مەحمودلی ماوەی سێ مانگە بێ پشتیوانییە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی و گەورەی لەسەر بارودۆخی ئاوارەکانی ئەوێ هەبووە.

کامپەکە 1814 خێزانی تێدا نیشتەجێیە کە ژمارەیان 9184 کەسە و زۆربەیان خەڵکی گوند و شارەکانی حەڵەب، حومس، حەمات و دێرەزوورن.

ئاوارەکانی کامپی مەحمودلی بە پێی ئیدارەی کامپەکە، بەدەست بارودۆخی ژیان و مرۆیی “خراپ”ەوە دەناڵێنن.

ئامادەکردنی: ئوسامە ئەحمەد – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان