روانگەی سوریا: پاش هەڵبژرادنەکان.. تورکیا 6 هێرشی بۆ سەر ناوچەکە کوردییەکان ئەنجامداوە

هەولێر – نۆرس پرێس

روانگەی سوریا بۆ مافاکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیەوە لە تورکیا، هێزەکانی ئەو وڵاتە 6 هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری، ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 25 هاوڵاتی سڤیلی رۆژئاوای کوردستان بوونەتە قوربانی.

روانگەی سوریا بڵویکردوەتەوە، کە هێزی ئاسمانی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بەرامبەر بەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕیوبەری خۆسەر و هێزە کوردییەکاندان لە ناو خاکی سوریادا، کە چالاکوانانی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ چاودێری 6 هێرشی ئاسمانییان کردووە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە لە پاش کۆتایهاتنی خولی یەکەمی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرەنجام سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بە گوێرەی  بەدواداچوونەکانیان بۆردومانەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بوونەتەهۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکی سڤیل و 3 شەڕڤانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و 3 لە هێزەکانی ڕژێمی سوریا، ئەمە جگە لە برینداربوونی 6 سەرباز و 7 کەسی سڤیل.

هەروەها بە گوێرەی روانگە، لە هێرشێکی دیکەیاندا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری حەڵەب، 3 ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) گیانیانلەدەستداوە و 2ی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی چاودێریەکانی روانگەی سوریا، بۆردومانەکان لە رۆژانی 18ی ئایار، 19ی ئایار، 2ی حوزەیران، 10 و 12ی حوزەیراندا روویانداوە.

بەمەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تورکیا 19 جار بە درۆن رۆژئاوای کوردستانی بۆردومانکردووە، بە هۆیەوە 25 کەس گیانیانلەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 19 کەس بە پلەی جیاواز برینداربوون، بە گوێرەی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ.