فوئاد حوسێن: عێراق بەردەوام هەوڵی کەمردنەوەی فشارەکانی سەر سوریای داوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەر لە دەستپێکردنی دووهەم و کۆتا رۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی “پشتیوانیکردن لە ئایندەی سوریا” لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان و وڵاتانی بەشدار لێرەن بۆئەوەی داوای هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا بکەن بۆ ئاوارە سورییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی سوریا.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، کە وڵاتەکەی بەردەوام هەوڵی کەمردنەوەی فشارەکانی سەر سوریای داوە، هەروەها داوای لە وڵاتان کرد هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپی هۆل بگەڕێننەوە، گوتیشی: عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات مامەڵەی جددی لەگەڵ کەمپی هۆل بکەن.

دوێنی چوارشەممە، کارەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی برۆکسل لە بارەی “پشتیوانیکردن لە ئایندەی سوریا و ناوچەکە” دەستیپێکرد، کە لە رۆژانی 14 و 15ی حوزەیران لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی چەندین دانیشتن لەخۆبگرێت، کە ئەمڕۆی تەرخانکراوە بۆ کۆبوونەوەیەک لە ئاستی وەزاری.