نوقمبوونی بەلەمێک بە 400 کۆچبەرەوە لە یۆنان

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، بەلەمێک بە 400 کۆچبەرەوە لە نزیک هەرێمی پیۆپۆنیسی یۆنان، بەهۆی نالەباریی کەشەوە نقومبوو و تائێستا 104 کۆچبەر رزگارکراون و تەرمی زیاتر لە 80 یان دۆزراونەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە پۆلیسی یۆنانەوە، بەلەمەکە لە شاری تەبرقی لیبیاوە بەڕیکەوتووە بەرەو ئیتالیا، بەڵام بە دووری نزیکەی 50کم لە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی پیۆپۆنیسی یۆنانەوە، بە هۆی خراپی کەشوهەواوە نوقم بووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە لە سەر ئەوەی کە کۆچبەرەکان خەڵکی کوێن و چەندیان هاوڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستانن.

بنکەی تەندروستیی “پیۆپۆنیس”ی یۆنانی رایگەیاندووە، کە ئەوان تا ئێستا 104 کەسیان رزگار کردووە و ئێستا لە ناوچەی “کەلاماتە” لە شوێنێکی ئارامدان، پزیشک و پەرستارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی بنکە تەندروستیەکە، تا ئێستا 21 لە کۆچبەرەکان گوازرانەوە نەخۆشخانە، چونکە تەندروستییان ناجێگیر بووە، چواریشیان بە سەختی بریندار ببوون، بۆیە ناچار بوون بە کۆپتەر بیانگوازنەوە.

هێشتا ئومێد هەیە کۆچبەرانی دیکەش لەناو بەلەمە نوقمبووەکە رزگار بکرێن و رێکخراوی خاچی سوور بە هانای رزگاربووانی رووداوەکەوە چووە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان بە میدیای وڵاتەی راگەیاندووە، سەتان کۆچبەر لەنێو بەلەمەکەدا بوون و “ترسمان هەیە لەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرەکان لەنێو دەریادا بێسەروشوێن بووبن.”

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەنێو بەلەمەکەدا بێسەروشوێن بوون و “راپۆرتە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە زیاتر لە 400 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون؛ ترسمان هەیە کە کۆچبەرێکی زیاتر گیانیان لەدەستدابێت.”