مۆسکۆ وادەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی ئاشکرا دەکات: نەخشەی ئاساییبوونەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ئامادەیە

دیمەشق – نۆرس پرێس

میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند، رەشنووسی نەخشەرێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ئامادەیە، هاوکات وادەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لە پایتەختی کازاخستان ئاشکرا دەکات.

بۆگدانۆڤ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەزگای”RIA Novosti”ی رووسییەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، “رەشنووسی نەخشەرێگای رووسیا ئامادەیە، کاری ئێمە گفتوگۆکردنە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و پێشخستنی ئەم کارە”.

ئەو بەرپرسە روسییە بۆ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی 21ی حوزەیران کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، سوریا و ئێران لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەرێوەدەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، شاندێکی گەورەی رووسیا بۆ بەشداریکردن دەچنە ئاستانە.

لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاساییکردنەوەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، کۆبوونەوەی چوارقۆڵی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیا، رۆژی 10ی ئایار، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەرێوەچوو.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەرفەتی نوێ بۆ فۆرمولەی ئاستانە دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

راگەیاندنی وادەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی و ئامادەیی رەشنووسی نەخشە بۆ ئاساییکردنەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا لە دژی هێزەکانی حکومەت و بۆردومانی پێگە و زرێپۆشەکانی رووسیایە لە گوندەوارەکانی باکووری حەلەب.

بۆگدانۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارە کۆبوونەوەکە لە ئاستانە رێگە بە “پێشکەوتنی جددی” بدات.