هەولێر – نۆرس پرێس
جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکانی وڵاتەکەی پاڵنەرێکن بۆ وڵاتان بۆ گەڕان بەدوای ئامڕازی بەدیل لە بەرامبەر دۆلاردا کە هەژمونی بەسەر جیهاندا کردووە.
جانێت یێلن لە دانیشتنی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، وتی، کاتێک ئێمە سزا دەسەپێنین، ئەو وڵاتانەی کە دەبنە ئامانجی ئەو سزایانە، پاڵنەریان دەبێت بۆ گەڕان بەدوای ئامڕازەکانی دیکە جگە لە دۆلار بۆ مامەڵەکردن.
لەماوەی ساڵانی رابردودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سەدان وڵات، کۆمپانیا و دامەزراوە و کەسایەتی وڵاتانی وەک روسیا، ئێران، چین، ڤەنزوێلا و کۆریای باکوردا سەپاندوە، ئەوەش وایکردوە ئەو وڵاتانە بەدوای رێگەی دیکەدا بگەڕێن بۆ مامەڵەکانیان جگە لە دۆلار کە هەژمونی بەسەر وڵاتانی جیهاندا کردوە.
8ی ئەم مانگە، وانگ وێنبین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، پەکین داوا لە ئەمریکا دەکات سیاسەتی دارایی و دراوی بەرپرسیارانە بگرێتەبەر و لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاربکات بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی سیاسەتی ئابوریی، بە هاوبەشی کاربکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری ئابوری و دارایی نێودەوڵەتی و بەرەوپێشبردنی بوژانەوەی ئابوری جیهانی.
پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی، کە گروپێکی خزمەتگوزاری دارایی بازرگانییە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، قەرزی جیهانی لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023دا بەرزبوەتەوە بۆ نزیکەی 305 ترلیۆن دۆلار، لەکاتێکدا ئەمریکا زۆرترین قەرزی نیشتمانی هەیە کە بڕی 30.4 تریلیۆن دۆلارە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا گەورەترین ئابوری جیهانە و هەناردەکاری دراوی گەورەی نێودەوڵەتییە، دۆخی دارایی و هەڵبژاردنە سیاسییەکانی کاریگەری ناڕاستەوخۆی گرنگی لەسەر ئابوری جیهان هەیە، بۆیە پێویستە ئەمریکا سیاسەتی دارایی بەرپرسیارانە بگرێتەبەر.