ئیدارەی مەنبەج سەرکۆنەی بۆردومانەکانی تورکیا دەکات
مەنبەج – نۆرس پرێس
ئەمرۆ چوارشەممە، 14ی حوزەیرانی 2023، بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە مەنبەج، لە راگەیەندراوێکدا، تۆپبارانی تورکیا بە تۆپخانە درۆنەکان بۆ سەر گوندەواری مەنبەج کە بووتەوە هۆکاری کەوتنی ژمارەیەک قوربانی شەرمەزار کرد.
هەر ئەمرۆ ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند کە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیادا لە دوو ناوچەی جیاوازی مەنبەج، چوار شەرڤانیان گیانیان لەدەستداوە و دووان دیکە برینداربوون، هەروەها هاوڵاتیەکی سڤیل گیانی لەدەستداوە.
دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە ئەنقەرە، گوندی توخاریان لە باکوری مەنبەج بە دەیان تۆپ و هاوەن بۆردومان کرد.
راگەیەندراوەکە لە بەردەم باڵەخانەی ئیدارەی مەدەنیی دیموکراتیک لە مەنبەج خوێندرایەوە، ئەندامانی دامودەزگاکانی ئیدارە و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی مەنبەج ئامادە بوون.
سیهام حەمۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان لە مەنبەج رایگەیاند، “لە رۆژی سێشەممەوە بۆردومانی چڕ بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی و بەتایبەتی لەسەر کەرتی سنووری شاری مەنبەج کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە گوندەکانی مەنبەج کەوتونەتە بەر تۆپبارانی چڕ، هەروەها زیانی گیانی مەدەنی زۆر هەیە، لەنێویاندا منداڵ و ژن، جگە لە هێزە سەربازییەکان.
حەمۆ ئاماژەی بەوەدا، “ئیدارەی مەدەنی لە مەنبەج ئیدانەی بۆردومانی دڕندانە و بەربەریانەی شاری مەنبەج و تەواوی ناوچەکان دەکات”
داوای لە هەموو رێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ کرد دەستبەجێ و خێرا دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی “دەستدرێژی” تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.