خاچی سووری نێودەوڵەتی: زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ چوارشەممە، 14ی حوزەیرانی 2023، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ئاشکرایکرد، زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و لەسەدا 90ی دانیشتوانی سوریا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

فابریزیۆ کاربۆنی، بەڕێوەبەری هەرێمی لە لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری مرۆیی گوتی: “پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی ئەو راستییە سەختە ببێتەوە کە چیدیکە دۆخی سوریا بەرگەی پشتگوێ خستنی زیاتر ناگریت، چونکە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەولەتی شکست لە هاوکاریکردن بهێنێت، ئەوا زۆربەی خەڵکی سوریا تووشی مەترسیەکی گەورە دەبن.

ئاماژە بە بەوەشکرد، کە ناتواندرێت چاو له ئازارەکانی خەڵکی سوریا دابخرێت و “پاراستنی ژێرخانی ئابووری و شارستانی کارێکی گرنگە” لەم قۆناغەدا”.

لە بەیاننامەکەدا لیژنەکە داوای لە وڵاتانی بەخشەر کردووە پابەندی پاراستنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە سوریا بن.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور هۆشداریدا کە داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە سووریا “مەترسییەکی دوور” نییە و کاردانەوەی وێرانکەری بۆ سووریاییەکان دەبێت.

لەمبارەیەوە کاربۆنی رایگەیاند کە داڕمانی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانە مەترسییەکی دوور نییە، بەڵکو ئەگەری روودانی زۆر بەرزە و کاردانەوەی وێرانکەری بۆ سوریاییەکان دەبێت، ئەگەر رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لێی نەگیرێتەبەر.

لیژنەکە لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە رێوشوێنە سنووردارەکان و سزا نێودەوڵەتییەکان رێگری لە هاوردەکردنی پارچەی یەدەگ دەکەن کە پێویستن بۆ پاراستنی ژێرخانی گرنگەکان لە شارە سەرەکییەکان.