وەزارەتی ناوخۆ بێ بەرامبەر چەکی هاوڵاتییان تۆمار دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە کە تا 21ی تەممووز، مۆڵەت ماوە بۆ ئەو کەسانەی کە چەکیان هەیە و دەیانەوت بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن.

هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، بێ بەرامبەر و بە خۆڕایی، چەکەکان بۆ هاووڵاتییان تۆمار دەکەن، ئەو کەسانەی چەکیان هەیە تەنیا پێویستە سەردانی یەکێک لە بنکەکانی تۆمارکردن لە شار و شارۆچکەکان بکەن.

لەبارەی پرۆسەی تۆمارکردنی چەکەوە، هێمن میرانی گوتی، زیاتر لە مانگێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، دوای ئەو کاتەش چەکەکان دەبنە قاچاخ و سزای یاساییی ئەو کەسانە دەدرێ کە پێیانەوە دەگیرێت.

تۆمارکردنی چەک ئارەزوومەندایە و هیچ تێچوویەکیشی نییە، ئەو کەسانەشی نەیانەوێت چەکەکانیان لەگەڵ خۆیان بۆ تۆمارکردن ببەن، تەنیا ژمارەکەی دەبەن و بۆیان تۆمار دەکرێت.

هێمن میرانی داوای لە هاووڵاتییان کرد، پەلە لە تۆمارکردنی چەکەکانیان بکەن و هاوکار بن بۆ داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت، لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارامی کۆمەڵایەتی.

بەپێی زانیاریەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای 21ی تەممووزی ئەمساڵ هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێ بگیرێت، بەپێی یاسا سزا دەدرێت: لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی و دوو بۆ پێنج ملیۆن دیناریش پێبژاردن دەبێت.