بەمزوانە شاندێکی ئابووری سعودییە سەردانی دیمەشق دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئوسامە مستەفا، سەرۆکی ژووری بازرگانی گوندەواری دیمەشق رایگەیاند، کە “بەم زووانە” شاندێکی ئابووری سعویدیە سەردانی دیمەشق دەکات بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە سوریا.
ڕۆژی دووشەممەی پێشوو، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی سعودیە، حەسەن بن موجیب ئەلحویزی، لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی سوریا، محەمەد ئەبو الحودە ئەللهام و شاندی یاوەری لە ریازی پایتەخت کۆبوونەوە.
هەردوولا رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ وەگەڕخستن و کردنەوەی رێگای هاوکاری ئابووری و دەستپێکردنەوەی چالاکیی و بۆنە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان.
ئەو قسانەی مستەفا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمی هات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆبوونەوەکە جیاکراوەتەوە و لەو ماوەیەدا ئەندامانی ژوورەکانی سعودییە خواستی خۆیان بۆ سەردانی سوریا و وەبەرهێنان و بەسەربردنی هاوین لەوێ دەربڕیووە.
هەرواش سەرۆکی ژووری بازرگانی دیمەشق رایگەیاندووە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کاروبارەکان لە داهاتوودا بەرهەمدار دەبن.
جەختیشی کردەوە، لە میانی دیدارەکەدا رێککەوتن کراوە بۆ زیاتر کاراکردنی پەیوەندییەکان و سەردانەکانی نێوان هەردوولا، ئاماژەی بەوەشکرد، فیدراسیۆنی ژوورەکانی سعوودیە بەڵێنی پێداین سەردانێکی نزیک بۆ دیمەشق بکەن، دوای ئەوەی بانگهێشتمان کردن بۆ سەردانکردنمان.
روونیشیکردەوە، سەردانەکە بۆ سوریا بۆ بینینی هەلی وەبەرهێنانی بەردەست دەبێت و لە داهاتوودا لە بوارە جیاجیاکاندا وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
گوتیشی، “لەلای خۆمانەوە بۆمان روونکردنەوە کە یاسایەکی نوێی وەبەرهێنانمان لە سوریا هەیە کەوا ئاسانکاری بۆ هەموو وەبەرهێنەرانی عەرەبی لەخۆدەگرێت کە ئارەزووی وەبەرهێنان دەکەن، جا چی لە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە یان وەبەرهێنان لە پرۆژەی وزەی جێگرەوە و پڕۆژەی جۆراوجۆری دیکەدا بێت”.