چین.. رووبەرووی قەیرانی کەمی رێژەی هاوسەگیری کردن بووەتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

راپۆرتێکی فەرمی لە چین ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2022 هاوسەرگیرییەکان لە وڵاتەکەدا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیە کە ئەم دوودڵییە کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە زەبەلاحە ئاسیاییە هەبێت بەهۆی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتەکە.

ئەم دوودڵییە لە هاوسەرگیری لە کاتێکدایە کە چین رووبەڕووی کەمی رێژەی لەدایکبوون بووەتەوە.

دەسەڵاتدارانی چین ترسیان هەیە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان کاریگەری لەسەر گەشەی دووەم گەورەترین ئابوری جیهان هەبێت، ئەمەش شتێکە کە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی دیکە بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی ژاپۆن و کۆریای باشوور و وڵاتانی سکاندیناڤیا.

سەبارەت بە رێژەی لەدایکبوون لە چین، لە هەر هەزار کەسێکدا گەیشتە 6.77 لەدایکبوون، ئەم رێژەیەش کەمترین رێژەیە تاوەکو ئێستا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021 رێژەکە 7.52 بوو لە هەر هەزار کەسێکدا.

هەنگاوەکانی چین بۆ رزگاربوون لەم قەیرانە:

لە هەوڵێکدا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ترسناکە، چین بەنیازە دەستپێشخەرییەک لە زیاتر لە 20 شاردا دەستپێبکات بۆ هاندانی هاوسەرگیری و دامەزراندنی خێزانەکان.

هاوکات پارێزگاکانی چین دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی مۆڵەتی مووچەی کارکردن لە کاتی هاوسەرگیریدا، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی یەکگرتن.

شارەزایان دەڵێن، دوودڵی لە هاوسەرگیری یان دواخستنی بۆ تەمەنێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەمی پێشکەوتن لە بواری ژیانی پیشەیی، بەو پێیەی زۆرێک لە ژنانی چینی ئەولەویەت دەدەن بە کارکردن و دوای ئەوەش دەکرێت بیر لە هاوسەرگیری بکەنەوە.