کاروانی هاوکاری ئوردن بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ سێشەممە، 13ی حوزەیرانی 2023، کاروانێکی هاوکاری ئوردن لە ڕێگەی بنکەی سنووری نەسیب لەگەڵ ئوردن گەیشتە سووریا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەندازیار شادی عەبازید، بەڕێوەبەری ناوەندەکە بەئاژانسی سانای راگەیاند: “کاروانەکە لە 14 بارهەڵگر پێکهاتووە کە لەلایەن حکومەتی ئوردن و رێکخراوی خێرخوازی هاشمیی ئوردن دابینکراوە”.

گوتیشی: ” کاروانەکە کەرەستەی فریاگوزاری و خۆراکی جۆراوجۆری تێدایە، روونیشیکردەوە، رێکخراوی مانگی سووری عەرەبی سوری لە ناوەندەکە پێشوازییان لێکردوون، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بۆ دیمەشق.”

باڵیۆزخانەی ئوردن لە دیمەشق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و گوتی:” “ژمارەی ئەو بارانەی کە لەلایەن شانشینی ئوردنەوە نێردراوە تا ئێستا گەیشتووەتە 200 بارهەڵگر کە سەدان تۆن کەرەستەی فریاگوزاری و تەندروستی لەخۆگرتووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، 3 فڕۆکەی بارهەڵگری هاوکاریش گەیشتوونەتە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەلەب.