هەولێر- نۆرس پرێس
بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ لە شەودا، لافاو و سەرڕێژبوونی ئاو لە سامسون رووی دا و كێشە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان دروست بوو.
بەهۆی سەرڕێژبوونی ئاو لە ناوچەی تێرمیناڵی سامسون-ئەنقەرە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل لە رێگادا گیریان خوارد و ژمارەیەك شۆفێریش بەهۆی روودانی لافاو لە رێگای دەوروبەری گەڕەكی جانیك بەلەدیە ئێڤلەر بە زەحمەت دەیانتوانی بە ئۆتۆمبێلەكانیان بەرەوپێش بچن.
لە ناوچەی كیرازڵك لەسەر رێگای نێوان سامسون-ئۆردو جەنجاڵی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دروست بوو، ژمارەیەك ئۆتۆمبێل گیریان خوارد و رۆچوونی زەوی رووی دا.
بەهۆی سەرڕێژبوونی ئاوەوە چەندین شوێنی كار لە شاری پیشەسازیی گولسان ژێرئاو كەوتن، كۆڵانەكان پڕ بوون لە ئاو و ژمارەیەك لە هاووڵاتییان بەلەمیان لە كۆڵانە ژێرئاوكەوتووەكان بەكار هێنا.