کارەبا لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکان بەرهەم دەهێنرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا لەو گازەی کە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکانەوە کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

وێستگەی کارەبای 165 مێگاواتي گەرمیان، کە لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەم دەهێنێت، ساڵی 2021 کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، ئێستاش 118 هەلی کاری ناوخۆیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخساندووە.

ڕووبەری وێستگەی کارەبای 165 مێگاواتیي گەرمیان 35 دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە 180 مۆلیدە و 45 گۆڕەڕ، توانای بەرهەمی کارەبای هەر مۆلیدەیەکیش 0,9 مێگاواتە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو وێستگەیە، نزیکەی 100 مێگاواتە و هەوڵەکانیش بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بەردەوامن.

بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم، کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و پاراستنی ژینگە لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای دەکات، کە ئەم وێستگەیە جگە لە سوودە ئابوورییەکەی، سودێکی زۆریشی بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەبێت.