ئەسەد جەخت لە گرنگی دانانی ستراتیژێکی هاوبەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا جەختی لە گرنگی هەماهەنگی و پەرەپێدانی ستراتیژێکی هاوبەش لە قۆناغی داهاتوودا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا کردەوە.

ئەم قسانەی ئەسەد لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ عەلی ئەسغەر خاجی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەت هات، بەپێی ئەوەی کە لە لایەن روپەڕی “سەرۆکایەتی کۆمار”ەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئەسەد جەختی لە داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش کردەوە کە “بناغەکان دیاری دەکات و بەوردی ئەو سەردێڕ و ئامانجانە روون دەکاتەوە کە دانوستانەکانی داهاتوو لەسەری بنیات نراون، جا چ پەیوەست بە کشانەوەی تورکیا لە ناوچەکانی سووریا بێت، یان شەڕی دژ بە تیرۆر، یان پرسەکانی دیکە”.

ئاماژەیان بەوەداوە کە “دەبێت چوارچێوەی کات و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو ناونیشانانە دابنرێت، بە هاوکاری لایەنەکانی رووسیا و ئێران”.

سەرەتای ئەم مانگە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سوریا ئاشکرایان کردبوو کە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیا ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی “ئەستانە” بەڕێوەدەچێت، کە بڕیارە لە 20 و 21ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی