هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی حوزەیرانی 2023، لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پرسی داخستنی کەمپی هۆل لە رۆژئاوایی کوردستان بەڕێوەچوو، بەشداربووان کەمپی هۆلیان بە مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان ناساند.
سەنتەری نەهرەین بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە عێراق کوربەدنێکی تایبەت سەبارەت بە دیدی عێراق لەبارەی کەمپی هۆلی سوریا بە بەشداری عەرەبی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعەرەجی سەرپەرشتی کوربەندەکەی کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا ئەفسەر و بەرپرسانی عێراقی و نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین بلاسخارت و باڵیۆزی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی کە لە عێراق کاردەکەن، ئامادە بوون.
نووسینگەی راگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان بووچونی خۆیان سەبارەت بە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی کەمپی هۆڵ خستەروو، جەختیان لەسەر گرنگی خێراکردنی داخستنی و لابردنی ئەم مەترسییە کردەوە کە مەترسی لەسەر ناوچەکە و جیهان دروستدەکات.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە دیدارەکەدا رایگەیاند، “حکومەتی عێراق چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە کەمپی هۆل لە سوریا مەترسی لەسەر عێراق و جیهان دروست دەکات و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە”.
ناوبراو جەختی لە گرنگی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە و کارکردن بۆ ئەوەی وڵاتان جیهان هاوڵاتیانی خۆیان لە کەمپەکە وەربگرن، هەروەها پێشنیاری کرد کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوە بچێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داخستنی ئەم کەمپە.
روونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق هەزار و 369 خێزانی لەم کەمپەوە گواستووەتەوە بۆ عێراق، هەروەها 800 خێزان دوای دووبارە گونجاندنیان لە گەل کۆمەڵەکە، گەڕاونەتەوە ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان.
عەرەجی راشیگەیاند، “بوونی منداڵان لە کەمپێکدا کە رق و تاوانکاری تێدا بڵاودەبێتەوە، نەوەیەکی نوێی تیرۆریستی لێدروستدەکات و ئەو منداڵانەش قوربانین، و تیرۆریستانیش دەبێت بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بگەین بە سزای خۆیان”.
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین پلاسخارت گوتی، “ئەوەی تیرۆریستی داعش بەجێی هێشتووە، میراتێکی ئاڵۆزە و دەبێت هەموومان چارەسەری بکەین”.
هاوکات جەختی لە گرنگی گواستنەوەی منداڵان لە کەمپەکە کردەوە پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی پێگەیشتن و ببنە “تیرۆریست”، ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد لەم دۆسییەدا
.
ئاماژەی بەوەشکرد، باشترین چارەسەر بۆ داخستنی ئەم دۆسەیە هەوڵە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردنی ئەم دۆخەیە.