تاران: وڵاتێکی عەرەبی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی تاران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نێوەندگیری سوڵتانییەتی عومان لە نێویشیاندا پرسی دیلەکانی ئەمریکا لە ئێران بەردەوامن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە عومان گوتی: دانوستاندنەکان لە شاری مەسقەت بەردەوامن “نهێنی نیین”.
ماڵپەڕی ئەمریکی “ئیکیسۆ” چەند ڕۆژێک لەمەوبەر راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاشکرایکرد کە بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی لە مانگی رابردوودا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان سەبارەت بەپرسی ئەتۆمی ئێران گفتوگۆیان کردووە.
ماڵپەڕەکە لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگاداری بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی “ناڕاستەوخۆ”ی نێوان هەردوولا بە ناوبژیوانی عومان بووە، دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بە ناوبژیوانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا سڕکرانەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، کەنعانی لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییە هەفتانەیەکەیدا گوتی: “پێشوازیمان لە هەوڵە جوانەکانی سوڵتانییەتی عومان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کرد، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر خرایە بەردەم بۆ چالاککردنی دانوستانەکان بە ئامانجی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ئێران، و لەگەڵ لایەنی بەرامبەر پەیاممان ئاڵوگۆڕ کرد”، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان بەردەوامە.
لەم دواییانەدا، پەیوەندییەکی نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لە ساڵی 2015 ئەنجامدرا و ئەمریکاش لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە، کەمبونەوتەوە.
ئامانجی رێکەوتنەکەی 2015 بەرتەسککردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.
تاران هەوڵی هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەدات کە لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراون، کە کاریگەری زۆریان لەسەر ئابووری وڵاتەکەی داناوە.
کەنعانی جەختی لەوە کردەوە کە نێوەندگیرییەکەی عومان پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بەدیلکراوەکانیش دەگرێتەوە، “دانوستاندنەکان لەو بارەوە بەردەوامن”، دەشڵێت “دەتوانین رەزامەندی خۆمان دەرببڕین، چونکە ئەگەر لایەنی بەرامبەرمان جەددەی بێت ئەوە دانوستاندنەکان بەرهەمدار دەبن.
لانیکەم سێ هاوڵاتی ئەمریکی بە رەچەڵەک ئێرانی لە تاران دەستبەسەرن، لەوانە بازرگان سیامەک نەمازی، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2015 بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا و بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا.