دوو كەس لەكاتی مەلەكردن گیانیان لەدەستدا

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە لە دوو شوێنی جیا جیای سنوری پارێزگای دهۆك، دوۆ كەس لەكاتی مەلەكردن خنكان و لەئێستاشدا تەرمی هەردووكیان دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشكی داد كراون.

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەرگری شارستانی ئاكرێ بڵاویكردەوە، پاشنیوەروی ئەمرۆ گەنجێك بەناوی محەمەد فەریق تەها كە تەمەنی 21 ساڵە كەوتووەتە ناو ڕووباری خازرەوە لە نزیك پردی مەندان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو گەنجە كە دانیشتوی گەڕەكی روناكیە لەقەزای بەردەڕەش بەهۆی كەوتنەناو روبارەوە خنكا، لەئێستاشدا تەرمەكەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادی كراوە.

لەلایەكی دیكەوە پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، گەشتیارێكی عەرەب بەناوی یاسر عەممار كازم كە دانیشتوی بەغدایە و بەمەبەستی گەشتیاری سەردانی كانی مازێ لەناحیەی چەمانكێ کردووە، لەكاتی مەلەكردن لەگەلی كانی مازێ خنكاوە و لەئێستادا تەرمەكەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادی دهۆك كراوە.