کەنەدا و هۆڵەندا سکاڵای یاسایی هاوبەش لە دژی حکومەتی دیمەشق لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی تۆمار دەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمرۆ دووشەممە،12ی حوزەیرانی 2023، کەنەدا و هۆڵەندا سکاڵایان لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای لە دژی حکومەتی دیمەشق بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان تۆمار کرد.
دادگای دادی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایکردووە، “هەردوو وڵات لە داواکەیاندا رایانگەیاندووە، سوریا پێشێلکاریی بێشوماری یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئەنجامداوە، کە لانیکەم لە ساڵی 2011ەوە دەستپێدەکات”.
داواشیان لە دادگای نێودەوڵەتی کرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە مەترسی ئەشکەنجەدانیان لەسەرە.
هەردوو وڵات هەوڵدەدەن حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار بزانن لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان بەگوێرەی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەدان کە دیمەشق لە ساڵی 2004دا پەسەندی کرد.
کەنەدا و هۆڵەندا بڕیاریاندا لە ساڵی 2020 هەنگاو بنێن، دوای ئەوەی رووسیا رێگری لە چەندین هەوڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ رەوانەکردنی دۆسیەیەکی پەیوەست بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سوریا بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە تاکەکان بە تاوانی جەنگ دادگایی دەکات و بنکەکەی لە لاهایە.