قەیرانەکانی عێراق لە بەردەم دووهەمین هەڵبژاردنی پێشوەختدا
هەولێر – نۆرس پرێس
دوابەدوای پێشنیازێكی سەرۆكی رەوتی سەدری، قسە زۆر بوون دەربارەی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق، كە لەلایەن چەند سەركردەیەکی فراکسیۆنە سیاسییەكانی عێراقەوە پێشوازی لێكرا، كە بەشێكیان شوێنكەوتووی چوارچێوەی هەماهەنگین.
پێشتر نۆرس پرێس راپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە کە سیناریۆکانی قەیرانی عێراقی لەم دواییانەدا روونکردەوە، یەکێک لەو ئەگەرانە هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، ئەمەش هەنگاوێک دوورماندەخاتەوە لە سیناریۆیەکی مەترسیدارتر بۆ تەشەنەسەندنی دۆخەکە بەرەو شەڕی ناوخۆ.
دوای چەند رۆژێک لە گرژی، دوێنێ چوارشەممە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، رەتیکردنەوە دیالۆگ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی نوێی کرد.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەیح، هادی عامری پشتگیری خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیاند کە سەدر بانگەشەی بۆ دەکات.
عامری پشتگیری خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە بەهێزتر کرد کە هەڵبژاردنەکانی پێشوو گومانلێکراون و ناڕەزایی زۆریان لەسەر بووە.
عامری ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە پێویستی بە “دیالۆگێکی نیشتمانی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی بەروار و میکانیزم و پێداویستییەکانی ئەنجامدانی دیاری بکرێت، هەروەها کەشوهەوای گونجاو بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و شەفاف دابین بکرێت کە متمانەی هاوڵاتیان بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێنێتەوە”
سەبارەت بە نوری مالیكی كە بە دیارترین كەسایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دادەنرێت، ئەو هەڵوێستی راستەوخۆی لەسەر پێشنیازی هەڵبژاردنی نوێ دەرنەبڕی، بەڵام لە تویتێكدا دوای وتارەكەی سەدر رایگەیاند، “هیوادارین بە دیالۆگە راستەقینەکان ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین و دۆخەکە بگەڕێننەوە بۆ شوێنی گونجاو، کە بە گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەکان دەست پێدەکات”
پێش ئەوەش حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر پێشوازی لە وتارەكەی سەدر کرد، كە تیایدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی نوێی كردبوو.
عەبادی لە تویتێكدا رایگەیاند، ” پشتگیری لە هەنگاوەكانی ئەو و هەموو برایان دەكەم بۆ پاراستنی خوێن و بەدیهێنانی چاكسازی. داوا له ههموو لایهك دهكهم بە خزمهتكردن به خهڵك و چاكسازی له سیستهم و بههێزكردنی دهوڵهتی دهستووری، هەستن، له رێگهی پرۆسهیهكی تهندروست و ئاشتیانهی دیموكراسییهوه”
دوێنێ سەدر لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند دڵنیایە لەوەی “زۆربەی خەڵک بێزارن لە تەواوی چینی دەسەڵاتدار، لەنێویاندا هەندێکیان سەر بە رەوتی ئەون”، داوای کرد “پرۆسەیەکی دیموکراسی شۆڕشگێڕانەی ئاشتیانە وەک سەرەتا و دواتر هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەی پێشوەختە بکرێتە پرۆسەی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا.”
سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، خەمیس ئەلخەنجەر، ڕایگەیاند کە هاوپەیمانییەکەی پشتگیری لە ناوەڕۆکی وتارەکەی سەدر دەکات بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە “بەپێی پێوەر و ئامێر و یاسای دادپەروەرانەی نوێ کە ڕێگە بە کێبڕکێی ڕاستەقینە دەدات.”
ئییاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، هەڵبژاردنی پێشوەختەی بە “تاكە رێگەی دەربازبوون” لە قەیرانی سیاسی عێراق زانی، بەشداریی خۆی لە هەڵبژاردنەكان راگەیاند ئەگەر “ئەنجامی گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت بۆ دەستوور”.
هەڵبژاردنی پێشوەختە کە نزیکەی دە مانگ لەمەوبەر ئەنجامدرا، بەڵام هێشتا نەتوانراوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکی سیاسی، لە شەممەی ڕابردوودا گەیشتە ئاستی ناڕەزایی جەماوەری و هێرشکردنە سەر پەرلەمان.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیەندراوە، کە لە 10ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو، هاوپەیمانی “فەتح” دۆڕاوی سەرەکییە بە بەدەستهێنانی 17 کورسی، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 دا 48 کورسی بەدەستهێنابوو.
لەلایەکی دیکەوە رەوتی سەدری بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر 73 کورسی لە کۆی 329 کورسی بەدەستهێنا، دواتریش هاوپەیمانی “نەسر” بە 37 کورسی و هاوپەیمانی “دەوڵەتی یاسا” بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشوو 33 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی 31 كورسی.
دوای سەرکەوتنی زۆرینەی شیعە لە پەرلەمانی عێراق، رەوتی سەدری شیعە بەنیازی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە بوو، هەروەها هاوپەیمانی سێ قۆڵی لەگەڵ هێزەکانی سوننە (الحلبوسی) و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهێنا، بەدوورخستنەوەی گروپە شیعەکانی دیکە، دیارترینیان نوری مالیکی، هادی عامری، عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی و حەیدەر عەبادی.
بەڵام ئەو هێزە شیعانەی کە لە هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” دا کۆبونەوە و ڕەزامەندی ڕێبەری رەوتی سەدرییان وەرنەگرت، بە ئەنقەست حکومەتێکی تەوافوقیان پێکهێنا، پێچەوانەی خواستی هاوپەیمانی سێ قۆڵی.
دوای ئەوە ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو گروپەدا دروست بوو و بووە هۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ڕێگری لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ئەمەش وایکرد رەوتی سەدر لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران لە ئەنجومەنی نوێنەران بکشێتەوە، و گۆڕەپانی پەرلەمانی ئەو کاتەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بەجێهێشت.
لە کاتێکدا کە چوارچێوەی هەماهەنگی کاریان دەکرد بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک و کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی وەک سەرۆکوەزیران، سەدر گەڕایەوە پەرلەمان، بەڵام لەگەڵ جێگرەکانی نا، بەڵکو لەگەڵ لایەنگرانی کە شەممەی رابردوو هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمان و تێیدا مانەوە، ئەمەش بوو بە هۆی نانەوەی قەیرانێک لە ئاستێکی بەرزدا کە زۆربەی لایەنەکان و هەندێک وڵات نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان لەمبارەوە دا.