بەهۆی تێکچوونی بزوێنەرێکەوە.. چوا رۆژە مەنبیج بێئاوە

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی کۆمپانیای ئاوی شاری ” مەنبیج “ی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی کارپێکردنی یەکێک لە بزوێنەرەکانی وێستگەی پەمپکردنەوە، چوار رۆژە ئاو لە لە شاری “مەنبیج”ی رۆژئاوای کوردستان بچڕاوە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە و لە لوتکەی پێویستیی ئاودا، چوار رۆژ لەمەوبەر پەمپکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە وەستا.

حسێن حەسۆ، هاوسەرۆکی کۆمپانیای ئاوی مەنبیج رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنن بۆ قەبارەی تێکچوونەکە و پێشکەشی لیژنەی تەکنیکی پەیوەندیدار بە پاراستنی پەمپەکانی دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کار بۆ چاککردنەوەی کێشەکە بەردەوامە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردنی بەردەوامی پەمپەکان بە درێژایی کات بەبێ وەستان، هەروەها زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو لە وەرزی هاویندا، بووەتە هۆی تێکچوونی کارکردن لە وێستگەکانی پەمپکردن کە پێداویستی ئاوی شارەکە پڕدەکەنەوە، گوتیشی “ئەمەش دۆخێکی سروشتییە بەهۆی ئەو فشارەی کە لەسەریانە”.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەکە حاڵەتێکی فریاگوزاری ئەنجام دەدات، بەو پێیەی ئاوەکە لە کۆگای “ئەلقەرعە”ی باشووری شارەکە کۆدەکرێتەوە و بڕی هاتووی ئاوەکە پەمپ دەکرێت و دابەشدەکرێت، بەپێی ئەوەی لەبەردەستدایە و زۆرجار ئەم بڕەش کەمە، بە بەراورد بە بارودۆخە ئاساییەکان.

ئەو بەرپرسە داوای لە دانیشتوانی شارەکە کرد کە رەچاوی بەکارهێنانی ئاو بکەن و بەفیڕۆی نەدەن.

لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، پەمپکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری مەنبیج وەستاوە، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی یەکێک لەو بزوێنەرانەی کە لە وێستگەی پەمپکردندا کاردەکات و پێداویستی ئاوی شارەکە پڕدەکاتەوە.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحسێن – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان