تورکیا لە مانگی پێشوودا زۆرترین هەناردەی بۆ عێراق بووە
هەولێر– نۆرس پرێس
بەپێی داتاکانى ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، قەبارەی هەناردەکردن لە تورکیاوە بۆ عێراق، تەنها لە مانگی پێشوودا زیاتر بووە لە 817 ملیۆن دۆلار، هەروەها هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ وڵاتان بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئایاری 2022 لە % 14.4 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 21 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
لە راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیادا ئەوە خراوەتەڕوو، کە لەو قۆناغەدا هەناردەکردن لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی کەنداو لە %29 زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و 691 ملیۆن دۆلار.
ریزبەندی زۆرترین هەناردەکردن لە ماوەی مانگی ئایاری پێشوودا بەم جۆرە بووە: عێراق بە بەهای 817 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار، ئیمارات بە بەهای 360 ملیۆن دۆلار، سعوودیە بە بەهای 155 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، ئێران بە های 206 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار، قەتەر بە بەهای 55 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار، کوێت بە بەهای 46 ملیۆن دۆلار، عومان بە بەهای 24 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار و بەحرێن بە بەهای 13 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
زۆرترین کاڵا و شتومەکی هەناردەکراو بە بەهای 108 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار خشڵ بووە، بە دوای ئەویشدا هەناردەکردنی مادە کیمیایییەکان و بەرهەمەکانیان، جلوبەرگ، فەرش، کەلوپەلی ناوماڵ، خۆراک و کاغەز دێن.
لەو ماوەیەدا بە بەهای 180 ملیۆن دۆلار دانەوێڵە، پاقلەمەنی و تۆوە چەورەکان و بەرهەمەکانیان بە عێراق فرۆشراون.