پەرلەمانی عێراق بودجەی ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتووی پەسەندکرد

هەولێر– نۆرس پرێس

دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، شەوی رابردوو تا بەیانی ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە کۆبوونەوەدا بوو، سەرەنجام پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و رەوانەی سەرۆککۆماری عێراق کرا.

لەو نێوەندەشدا پێشنیازەکانى گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى رەتکرایەوە.

پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقى پەسندکرد کە بڕەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە و بۆ ماوەى سێ ساڵە، ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوو.

هەروەها بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.

پەسندکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە لە شەوى 11ـی حوزەیرانەوە تاوەکو بەرەبەیانی 12ـى حوزەیران ئەو مادانەى کە مابوون و چوار رۆژ بوو گفتوگۆیان لەسەر دەکرا، دەنگیان لەسەردرا و پەسندکران، هاوکات چەند مادەیەکى دیکەش بۆ پڕۆژەیاسای بودجە زیادکران.

ئەمە یەکەم جارە لەدواى ساڵى 2021ـەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند دەکات.

بڕیارە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى رەوانەى سەرۆککۆمار بکرێت بە مەبەستى پەسندکردنى و ناردنى بۆ رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.