دەربارەی پەسەندکردنی بودجە و پێشهاتەکانی.. مەسعود بارزانی پەیامێکی توند بڵاودەکاتەوە
هەولێر– نۆرس پرێس
دەربارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی نێو پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجە، مەسعود بارزانی کەسایەتی سیاسی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئطوارەی دوێنێ یەکشەممە، پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە” جێگەی داخێكی زۆرە لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی نابەرپرسانە و پێچەوانەی دەستوور بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان و پێشێلكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان هەبوو.”
بەگوتەی سەرۆک بارزانی، پێشتر، “گفتوگۆ و رێككەوتنی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی كێشەكان لە ئارادا بوو. حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە دەرئەنجام و رێككەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكرێن و هەموو لایەک خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، كەچی بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بە نەفەسێكی نكۆڵیكارانە و نابەرپرسیارانە لەڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە.”
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێ، “رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی پەرلەمانی عێراق پەردەی لەسەر رووی راستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەموو ئەوانە لادا كە نە رێز لە بەڵێن و واژۆکانیان دەنێن و نە رێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن.”
کۆتایی راگەێنراوەکەش پەیامێکی توندە بۆ ئەوانەی کە “هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان” دەنوێنن، بارزانی دەڵێ “بە توندی لەبەرامبەریاندا دەوەستینەوە” و دەشڵێت “بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە.”