تابلۆی “چیرۆکی خاکی زەیتون” بە درێژایی 58 مەتر نمایشکرا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمرۆ یەکشەممە، 11ی حوزەیرانی 2023، دەستەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوکاری کۆمۆنەی وێنەکێشان، تابلۆیەکی گەورەی درێژی 58 مەتری لە ژێر ناوی “چیرۆکی خاکی زەیتون” لە یاریگای 12ی ئازار لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوایی کوردستان نمایشکرد.
تابلۆکە بەرجەستەی مێژووی شاری عەفرین و ئازارەکانی دانیشتوانەکەی لە ساڵانی شەڕدا و چۆن دانیشتوانەکەی شارەکەیان بەجێهێشت و باسی گرنگترین قۆناغەکانی شارەکە دەکات.
رۆستەم یوسف لە فەرمانگەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی سەر بە عەفرین و ناوچەی شەهبا گوتی: “ئەوان بیرۆکەی دروستکردنی تابلۆیەکیان بۆ کۆمەڵەی وێنەکێشان پێشنیار کرد، بە ئامانجی بەرجەستەکردنی ئەو قۆناغانەی کە شاری عەفرین پێیدا تێپەڕیوە و هەروها خستنەرووی ئەو ئاستەنگی و سەختییانەی کە شارەکە لە ماوەی پێش داگیرکردنی و دوای داگیرکردنیدا تووشیان بووە.”
یوسف روونی کردەوە، ئەو تابلۆیەی کە نمایش کراوە درێژیەکەی 58 مەتر و بەرزی 170 مەتر بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تابلۆکە گوزارشت لە 58 ر ۆژە لە بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین بەرامبەر بە داگیرکاری دەکات، “تابلۆکە بەسەر چوار بەشدا دابەشکرابوو، کە هەر بەشێکیان باس لە شاری عەفرین و تایبەتمەندییە شوێنەواریی و سروشتەکانی دەکات، جگە لە ” قۆناغی داگیرکاری و ئێش و ئازاری دانیشتووانی عەفرین لە دوای هێرشەکەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ناونانی تابلۆکە “چیرۆکی خاکی زەیتوون” بۆ ئەوەیە کە شاری عەفرین بە درێژایی مێژوو بە زەیتوون ناسراوە.