کۆتا شەپۆلی بارانبارین بەڕێوەیە

هەولێر-نۆرس پرێس

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، رۆژی سێشەممە شەپۆلێكی بارانبارین و هەورە بروسكە بەشێك لەناوچەكانی هەولێر و دهۆك دەگرێتەوە و ئەمەش دەبێتە كۆتا حاڵەتی باران و ناجێگیری كەشوهەوا لەم مانگەدا.

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، سبەی دووشەممە ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەكاتەكانی شەودا لەناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و هەولێر بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لەگەڵ ئەگەری نمە باران لەهەندێك ناوچەدا و تاوە باران و بروسكە لەبەشێكی ناوچە شاخاویەكانی ئەم دوو پارێزگایەدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پلەكانی گەرما بەرێژەی 1 بۆ 2 پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە، خێرای با لەسەرخۆ دەبێت لەنێوان 5بۆ 15 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا بە ئاڕاستەی باشوری رۆژئاوا دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی سێشەممە ئاسمانی ناوچەكە بەزۆری ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەهەندێك ناوچە شاخاویەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر كاتەكانی پاشنیوەڕۆ بۆ ماوەیەكی كورت ئەگەری دروستبونی هەورە بروسكە و تاوە باران دەبێت دواتر كۆتایی پێدێت.

دەشڵێت، ئەمە كۆتا حاڵەتی باران و ناجێگیری كەشوهەوایە بۆ ئەم مانگە و لە 14ی مانگەوە تا كۆتایی مانگ كەشی ناوچەكە بە سەقامگیری دەمێنێتەوە، سەبارەت بە پلەكانی گەرما تا هەفتەی كۆتایی ئەم مانگە ناوچەكە بەدور دەبێت لەشەپۆلی گەرمای بەهێز و ناوبەناو بارستە هەوای فێنكی دەریای ناوەڕاست ناوچەكانمان دەگرێتەوە.