لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە رەوانەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریەوە بۆ تورکیا راگیراوە
هەولێر-نۆرس پرێس
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ رەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ موچەی فەرمانبەران.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرایکرد، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ رەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگی ئایاری 2023ی فەرمانبەران.
تاوەکو ئێستا وادەی گەیشتنی ئەو پارەیە بۆ سەر هەژماری دارایی هەرێمی کوردستان دیارنیە و تائێستاش وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم دیارنیە.
لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە رەوانەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریەوە بۆ تورکیا راگیراوە، بۆ موچەی مانگەکانی رابردوش حکومەتی هەرێم پشتی بەو پارەیە بەستوە کە لە لایەن بەغداوە بۆی رەوانە دەکرێت.
لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەنددەکرێت، پشکی کورد بە ڕێژەی 12.67% دیاریکراوە کە بۆ تەواوی ساڵی 2023 دەکاتە 10 ترلیۆن و 867 ملیار دینار، مانگانە دەکاتە بڕی 906 ملیار دینار.