ئاگرکەوتنەوە لە بەروبوومەکانی گەنم لە گوندەواری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان
عەفرین – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، ئاگرێکی بەرفراوان لە بەروبوومی گەنم لە نزیک شاری عەفرین و ناوچەکانی دیکەی گوندەواری شارەکە لە بەشە داگیر کراوەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەوتەوە.
سەرچاوە ناوخۆییەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی نزیک گەڕەکی “مەحمودییە” لە رۆژئاوای شاری عەفرین لە باکوری حەڵەب کەوتۆتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 25 دۆنم بەرهەمی گەنم سوتان و لەناوچوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرێکی دیکە لە بەروبوومی گەنم لە نزیک گوندی “قیبار” لەسەر رێگای نێوان شاری عەفرین و گوندی “کفرجەننە” لە رۆژهەڵاتی عەفرین کەوتۆتەوە و نزیکەی 20 دۆنم گەنم سوتا.
لە سەرەتای وەرزی دروێنەکردنەوە، ناوچەکانی عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان، سەرهەڵدانی زیاتر لە 15 ئاگریان بەخۆوە دیوە لە بەروبوومی کشتوکاڵیدا، لەوانەش گەنم و جۆ، هەروەها ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان و لەناوچوون بە نزیکەی 150 دۆنم مەزەندە دەکرێت.