پەرلەمانی عەرەبی داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خێرخوازان دەکات هاوکاری سوریا بکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، پەرلەمانی عەرەبی داوای لە وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خێرخوازان کرد کە پشتیوانی سوریا بکەن لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی گەشەپێدان و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتە.

ئەمەش لە میانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عەرەبیدا هات، کە دوێنێ لە بارەگای ئەمیندارێتی گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو.

پەرلەمانی عەرەبی خواستی خۆی بۆ بەشداریکردنی زیاتری عەرەبی دەربڕی بە ئامانجی گەیشتن بە “چارەسەرێکی عەرەبی بۆ قەیرانی سوریا”، دوور لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.

هەروەها پەرلەمانی عەرەبی جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی سەبارەت بە پرسی فەلەستین وەک پرسی ناوەندی وڵاتانی عەرەبی کردەوە، بۆ بە هەموو شێوەیەک کارکردن بۆ ئازادکردنی فەلەستین.

بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی فەرمی “سانا” بڵاویکردووەتەوە، سوریا لەڕێگەی شاندێکی پەرلەمانیی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عەرەبی دەکات کە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی