ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاریان بێت بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سوریا

هەولێر– نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد “هاوکاربن بۆ گەڕاندنەوەی خۆبەخشانە و سەلامەتی پەنابەرانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان”، لە هەمان کاتدا پشتڕاستیشیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانی بە ئامانجگرتنی “گرووپ و رێکخراوە چەکدارەکان” لە ناوەوە و دەرەوەی سنوری وڵاتەکەیان.

دوای یەکەم کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگی بەشداریکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەو هەوڵانەی کە خراونەتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی ئەو سووریانەی کە لە پێکدادانەکان هاڵاتوون، “بە ئارەزووی خۆیان و بە سەلامەت بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە.”

ئەردۆغان دوای یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتە نوێیەکەی دووپاتی کردەوە، “تورکیا بەشێوەیەکی سەلامەت و خۆبەخشانە و شەرەفمەندانە پەنابەرە سوورییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان” و گوتیشی: “هانی براکانمان دەدەین کە پەنایان بۆ وڵاتەکەمان هێنابوو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.

دەشڵێت: “جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەمەوە، ئێمە ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر دەکەین، وەک ئەوەی لەگەڵ مێژوو و کولتوور و بەهاکانمان دەگونجێت”.

ئەردۆغان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا، بەڵێنیدا زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری سووری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا، کە ئەو بە “ناوچە ئارامەکان” ناوی برد، کە لەو ناوچانە ئۆردوگای نیشتەجێبوون دروست دەکەن بە مەبەستی گێڕانەوە ئاوارەکانی سوریا بۆ ئەو ناوچانە.