هەولێر– نۆرس پرێس
عێراق و پەرلەمانەکەی دوو رۆژی دوور و درێژیان لە کۆبوونەوە دوور و درێژەکانی پەرلەمان تێپەڕاند، ئەمڕۆش بەهەمانشێوە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت لە دەنگدان لەسەر مادەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوو.
لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراقدا، چەند جارێک دانیشتنەکە بەهۆی ناکۆکی و تێبینیی لایەنەکان لەسەر بەشێک لە مادەکان بە تایبەت مادەی 14 راگیرا، بەڵام نزیک نیوەشەو جارێکی دیکە دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە و دەنگدان تاوەکو مادەی 41 بەردەوام بوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تا پاش کاتژمێر دووی سەرلەبەیانی بەردەوام بوو، دواتر بە بڕیاری محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵگیرا.
ئەمشەو پەرلەمانی عێراق 17 مادەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند کرد، بڕگەی 8ـی مادەی 14 ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانییەکانی لێکەوتەوە، ئەو بڕگەیەش پێنج جار گۆڕانکاری بەسەردا هات لە رەشنووسی دەستوودرا.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین لایەنی کوردستانی و خاوەنی زیاترین کورسییە لە پەرلەمانی عێراق پێیوابوو، ئەم بڕگەیە بۆ بچوککردنەوەی قەوارە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە لە عێڕاقدا.
پاش بێنە و بردەیەکی زۆر، سەرەنجام سەرجەم بڕگەکانی مادەی 14 دەنگی لەسەردرا و پەسەندکرا، کە لە بڕگەکەی 8ی مادەکەدا هاتووە: “حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا “تەمویلکردن” واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.”
هەروەها ئەو مادەیەی کە پەیوەست بوو بە گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە دەنگدانەکانی دوێنێدا نەخوێنرایەوە.
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی پەسەندکردنی رەشنووسی بودجە، تا ئێستاش روون نییە کە ئایا دەتوانرێت ئەمڕۆ سەرجەم کۆتایی بە دەنگدانەکە بێت و سەرجەم مادەکانی رەشنووسەکە پەسەند بکرێت، یاخود کۆبوونەوەکە درێژدەبێتەوە.