سەرۆکوەزیرانی کەنەدا هاوکاری سەربازی نوێ بۆ ئۆکرانیا ردەگەیەنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمرۆ شەممە، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، هاوکارییە سەربازییە نوێیەکانی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، کە پێدەچێت هێرشی بەرپەرچدانەوەی گەورەی خۆی بۆ سەر هێزەکانی رووسیا دەستپێبکات.

لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند: “ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا، بەهەر شێوەیەک بێت.”

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “دابینکردنی 500 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنم و ئەمەش هاوکاری نوێیە کە کەنەدا پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەروەها مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەکەین لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی رۆژئاوا”.

گوتیشی: “بەردەوام دەبین لە دەستپێشخەرییەکەمان بۆ پاراستنی تانکەکانی لیۆپارد، و 288 مووشەکی رێنماییکراو بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی ئۆکرانیا دابین دەکەین، هەروەها 10 هەزار تەقەمەنیش.”

کەنەدا کە ئەندامی ناتۆیە، هاوکاری سەربازی و دارایی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد.

سەردانەکەی ترودۆ بۆ کیێڤ دوای شەوێک لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیا بۆ سەر ئامانجەکانی دەرەوەی پایتەختی ئۆکرانیا، لەوانە ئۆدێسا، پۆلتاڤا و خارکیڤدا هات.