دەرمانی “لیکیمبی” بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی زەهایمەر پەسەندکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

راوێژکارانی تەندروستی ئەمریکا، رۆژی هەینی، 9ی حوزەیرانی 2023، بە کۆی دەنگ دەرمانێکی نوێی زەهایمەریان پەسەندکرد و لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت، دروستکردنی ئەم جۆرە دەرمانە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی رێژەیەکی زۆری کەسانی بەساڵاچوو لە ئەمریکادا، کە لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەدان.

دەرمانی “لیکیمبی” لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ رەزامەندی مەرجداری بەرێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکای بەدەستهێنا بە پشتبەستن بە دۆزینەوە سەرەتاییەکان کە دەتوانێت پێشکەوتنی نەخۆشی زەهایمەر بۆ چەند مانگێک کەم بکاتەوە.

لە ئێستادا بەرێوبەرایەتییەکە پێداچوونەوە بە دۆزینەوە تایبەتەکان دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەرمانەکە دەبێت رەزامەندی تەواوی دەزگاکە وەربگرێت یاخود نا.

لیژنەیەکی بەرێوبەرایەتییەکەش پێداچوونەوەی بە داتا نوێیەکانی توێژینەوەیەکدا کردووە لەسەر 1800 نەخۆش کە تێیدا ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان خواردووە رێژەی دابەزینی کەمێک کەمتریان لە پێوەرەکانی بیرەوەری و بڕیاردان و تاقیکردنەوە مەعریفیەکانی دیکەدا نیشانداوە.

نەخۆشیی زەهایمەر، نەخۆشییەکی دەمارییە کە مردنی خانەکانی مێشک دەبنە هۆی لەبیرچوونەوە و کەمبوونەوەی توانای زانین و درکپێکردن.

باوترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، بریتین لە لەبیرچوونەوە، کێشە لە زمان و رەفتاری نامۆ و پێشبینی نەکراو.