هەولێر – نۆرس پرێس
دامودەزگاکانی سوپای پاسداران و بەسیج گوشاریان خستووەتە سەر ئاژەڵدارانی ناوچەی “سیلوانا”ی ئورمیە، ئەم گوشارانەش کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر بژێویی ژیانی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە دروستکردووە.
بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ دامودەزگای سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە ئاژەڵدارانی ناوچەی “سیلوانا”ی ئورمیە کردووە کە ئەگەر نەبنە ئەندامی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەیان پێ نادرێت کە ئاژەڵەکانیان ببەنە لەوەڕگەکان.
یەکێک لە دانیشتووانی گوندی دزەی مەرگەوەڕ بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، هێزەکانی حکومەتی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کە خۆیان دەڵێن “هاوکارینەکردن”، دەستیان بەسەر دەیان مەڕوماڵاتی کەسێکی دانیشتووی ئەو گوندەدا گرتووە.
هەروەها رووداوی هاوشێوەی گوندی دزە، لەسەر خەڵکی گوندی “زیوە”ش ڕووی داوە و گوشارەکانی دامودەزگاکانی سوپای پاسداران بۆ سەر خەڵکی ئەو گوندە بەردەوامە.