ئاگربەستێکی نوێی دیکە لە سودان.. ترسی پێشێلکردنی هەیە

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 10ی حوزەیرانی 2023، ئاگربەستی نوێ لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێی سوودان ئەنجامدرا، ئەوەش پاش ئەوەی هەردوولا سەرجەم رێککەوتنەکانی پێشوویان پێشێلکرد، لەنێویاندا ئەو رێککەوتنانەی کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەمریکا و سعودیەوە نێوەندگیرییان کردبوو.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ناوەڕاستی مانگی نیسان لە نێوان سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلوو، هەردوولا زیاتر لە یەک رێککەوتنی ئاگربەستیان ئەنجامدا، بەڵام هەر زوو رێککەوتنەکە پێشێلکرا و هەردوولا یەکدییان تۆمەتبار دەکرد بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکان.

ئاگربەستەکە بە فەرمی لە کاتژمێر شەش بە کاتی ناوخۆدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، و تەنها بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بەردەوام دەبێت.

هێمنی لە بەرەی جەنگەکانی خەرتوم و ناوچەکانی دەوروبەری زاڵ بوو کە پێشتر حاڵەتەکانی تۆپبارانی یەکتر لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا ئەنجامدەدرا..

بەگوێرەی ئاماری دەزگاکانی فریاگوزاری و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە هەزار و 800 کەس کوژراون، هاوکات پێدەچێت ژمارەی قوربانیان زۆر لەوە زیاتر بێت.

ململانێکان بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس کە زیاتر لە 476 هەزار کەسیان پەڕینەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

راگەیاندنی ئاگربەستی نوێ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی سعودیە و ئەمریکیدا هات، کە تیایدا ئەو دوو لایەنە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە سەرکردایەتی نێوەندگیری نێوان چەکدارەکان دەکەن، نائومێدی خۆیان لە شکستی هەموو هەوڵەکانی

هەفتەی رابردوو، ئەو دوو ناوبژیوانە دوای بڕیاری سوپا بۆ کشانەوەی دانوستانەکانیان، راگرتنی دانوستانەکانیان راگەیاند، بەڵام داوایان لە هەردوو لایەنی ململانێکان کرد کە رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام بدەن، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە نوێنەرانی هەردوولا لە جەددە دەمێننەوە، سەرەڕای راگرتنی دانوستانە راستەوخۆکان.

هەروەها هۆشدارییان دا کە “لە ئەگەری پابەند نەبوون بەو دوو لایەنە بەم ئاگربەستە، ئەو دوو سەرکردەیە ناچار دەبن دانوستانەکانی جدە دوابخەن”.