هەولێر – نۆرس پرێس
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئێکسیۆسی ئەمریکی بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، مانگی رابردوو بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە سوڵتانییەتی عومان وتووێژیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کردووە.
ماڵپەڕەکە لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە کە دانوستانە”ناڕاستەوخۆ”کان لە نێوان هەردوولا بە نێوەندگیری عومان بووە، ئەمەش دوای چەقبەستوویی لە دانوستانەکان لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێران، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە نێوەندگیری بووە.
ئەم وتووێژانە لە کاتێکدایە کە ترس و دڵەڕاوکێ لە ئەمریکا لە پێشکەوتنی ئەتۆمی ئێران پەرەی سەندووە.
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە، برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، رۆژی 8ی ئایار گەیشتووەتە عومان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی گفتوگۆ بکات.
لە هەمان کاتدا شاندێکی ئێرانی گەیشتە عومان، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕەکە لە یەکێک لە سەرچاوەکانەوە وەریگرتووە، بەڵام هەردوولا لە شوێنی جیاواز بوون و بەرپرسانی عومانیش پەیامیان لە نێوانیاندا گواستەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان لەگەڵ ئەکسیۆس کردووە، بە ئەمریکا راگەیەندراوە کە ئێران باجێکی قورس دەدات ئەگەر بچێتە پێشەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90%، ئەو ئاستەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
تاوەکو ئێستا واشنتۆن هیچ لێدوانێکی لەسەر زانیارییەکانی ڕرپۆرتەکە نەداوە، ئەمەش دوای رۆژێک لە رەتکردنەوەی رێککەوتنی کاتیی واشنتۆن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی.