نه‌خۆشی تای خوێنبەربون چییه‌ و نیشانه‌كانی چین ؟

هەولێر- نۆرس پرێس

تای خوێنبەربوون (Hemorrhagic Fevers) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و هۆكارەكەی كۆمەڵێك ڤایرۆسە، هەندێكیان نیشانەی سووكی هەیە و هەندێكی دیكەشیان هەڕەشە لە ژیانی تووشبووان دەكات.

تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی كه‌ هەڕەشە لە ژیانی تووشبووان دەكات، دەناسرێتەوە بەوەی تا لێهاتن و خوێنبەربوون و ئازاری ناو سك و ئازاری كتوپڕی ماسولكەكان و جومگەكانی لەگەڵدایە.

ئەم نەخۆشییە ئێستا لەسەرتاسەری جیهان نیگەرانی دروستكردووە، لەدوو دەیەی رابردوودا چەندین بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە تۆماركراوە و رێژەی گیانلەدەستدانی بەرزە.

نیشانەكانی تای خوێنبەربوون پێکهاتوون لە تا لێهاتن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و خوێنبەربوون و لەكاركەوتنی كۆئەندامی دەمار هەروەها تووشبوون بە شۆك و چوونە ناو كۆما، لەدەستدانی هێز و توانا و وڕێنەكردن، ئازاری ماسولكەكان و گرژبوون و شەكەتی و هەروەها گێژبوون و لەكاركەوتنی گورچیلە.

زۆربه‌ی جار نیشانەكانی كەسی تووشبوو لە حاڵەتە توندەكانی تای خوێنبەربوون بریتییە لە خوێنبەربوون لەژێر پێست یاخود كۆئەندامەكانی ناوەوەی لەش و خوێن هاتن لە دەم و لووت و چاو و گوێچكە.

هۆكارەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لەمانە پێکهاتوون، ئەو ڤایرۆسانەی هۆكاری تای خوێنبەربوونن لە زۆرێك لە ئاژەڵەكان و مێرووەكاندا دەژین، هەربۆیە دەستلێدان و بەركەوتنی ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو بە هۆكاری سەرەكی تووشبوون بەم نەخۆشییە دادەنرێت.

دەكرێت كەسێك تووشی تای خوێنبەربوون ببێت بەهۆی بەركەوتنی دەردراو و پاشەرۆی مێرووی تووشبوو یاخود گەستنی مێروو و مێشوولە و گەنە، ئەو نەخۆشییە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

بەم شێوەیە خۆت لەتووشبوون بە تای خوێنبەربوون دەپارێزیت، دووركەوتنەوە لە دەستلێدان لە مەڕ و ماڵات و مێرووی تووشبوو، کۆنترۆڵكردنی مێرووەكان و رێگری لەوەی بێتە ناو ماڵ و شوێنی كاركردن. دانانی خۆراكی ئاژەڵی ماڵی لە شوێنێكی داپۆشراو بۆ ئەوەی مێروو پێی نەگات. فڕێدانی زبڵ بە بەردەوامی و گرتنی دەرگا و پەنجەرەكان، بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەر و دژەمێروو.

شێوازەكانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون:- بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو، سەربڕینی ئاژەڵی تووشبوو و خواردنی گۆشتەكەی، گواستنەوەی نەخۆشییەكە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە لە رێگەی تێكەڵاوبوون، گەشتكردن بۆ ئەو ناوچانەی ئەم نەخۆشییەی تێدا بڵاوە، كاركردن لەگەڵ كەسانی تووشبوو و ئەو شوێنانەی مێروو و مشكی تێدایە.

سەبارەت بە چارەسەری تای خوێن بەربوون، هیچ چارەسەرێكی دیاری كراو نییە بۆ تای خوێنبەربوون، بەڵام ڤاكسین هەیە بۆ چەند جۆرێكی ئەم نەخۆشییە، خۆپارێزی بە باشترین رێگاچارە دادەنرێت.

بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرێكی تایبەت بە تای خوێنبەربوون نییە، تووشبووانی ئەم نەخۆشییە چارەسەری پاڵپشتی وەردەگرن، لەوانە گیراوەكان و یارمەتیدان بۆ هەناسەدان و ئازارشكێن و دەرمانی دژە ڤایرۆسات بۆ چاكبوونەوە.