مێسی لە 24 کاتژمێردا شوێنکەوتووانی ئینتەر میامی لە ئینستاگرام  بۆ 6.5 ملیۆن بەرز دەکاتەوە

هەولێر– نۆرس پرێس

ئینتەر میامی، یانەیەکی گەورەی تۆپی پێیە لە خولی ئەمریکا کە خاوەنەکەی دەیڤید بێکهامە، لە ئێستاوە بەرهەمی هاتنی لیۆنێل مێسی لەناو یارییەکەدا دەچنێتەوە، لە وەرچەرخانێکی سەرنجڕاکێشی رووداوەکاندا، یانەکە لە ماوەی یەک رۆژدا بەرزبوونەوەیەکی سەرسوڕهێنەری بە رێژەی%400  بەخۆوەبینی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی شوینکەوتووانی (فۆڵۆوەر) ئینستاگرامی یانەکە.

بەر لە راگەیاندنی بڕیارەکەی مێسی بە رۆشتنی بۆ ئینتەر میامی، ئینستاگرامی یانەکە تەنها خاوەنی 183 هەزار شوێنکەوتوو بوو، لە ئێستادا خاوەنی 6.5 ملیۆن شوێنکەوتوون.

ئەو ڕاگەیاندنەی مێسی تەمەن 35 ساڵ سەبارەت بە بڕیاری پەیوەندیکردن بە ئینتەر میامی وەک یاریزانێکی ئازاد هاندەرانی جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد.، زۆر پێشبینی دەکرا ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمان پەیوەندی بە بەرشەلۆنەوە بکاتەوە، بەڵام ئەو یانەی هەڵبژارد بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی وەرزشی بەناوبانگی خۆی لە ئەمریکا.

لیۆ کە تەنها شەش مانگ لەمەوبەر ئەرجەنتینی گەیاندە شکۆی مۆندیال، گوتی: دوای بردنەوەی مۆندیال كاتێك زانیم ناتوانم بگەڕێمەوە بارسێلۆنا بڕیارمدا بچمە خولی ئەمریکا و لەوێ تاقیکردنەوەیەکی نوێ بکەم و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم.

لە رووپەڕی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ وێنەیەکی گەورەی مێسی دانراوە و نووسراوە دەچمە میامی، ئەو لێدوانەی مێسی هەموو شتێکی یەکلایی کردەوە و هاندەرانی بارسێلۆنای بێهیوا کرد و هەوڵی شەش مانگی هیلالیشی پووچەڵ کردەوە، رۆژنامەی سپۆرت بە هەمان شێوەی وێنەی چاوپێکەوتنەکەی مێسی بڵاو کردەوە و ئەمیش بە ناونیشانێکی گەورە نووسیویەتی دەچمە میامی.