لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لە لایەن داعشەوە کۆدەکەنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەلایەن ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە لە عێراق کۆدەکەنەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا دەستیان بەسەر نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو وڵاتەدا گرت.

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەدان بە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، ناسراو بە “یونیتاد”، کە کریستیان ریچەر سەرکردایەتیی دەکات، لە ساڵی 2017 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان پێکهێنراوە تا تاوانکارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگاییبکرێن. بۆ ئەو مەبەستەش، لە نزیکەوە لەگەڵ دادگاکانی عێراق کاردەکەن.

راپۆرتێکی “یونیتاد” لە ئایاری 2021 گوتی، داعش “چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لەسەر زینداییەکان تاقیکردوونەتەوە وکە بووەتە هۆی مردنیان،” و لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی دەستیپێکردووە.

کریستیان ریچەر، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت، کاتێک لە ئایاری ئەمساڵ سەردانی شارۆچکەی تازەخورماتووی لە باشووری کەرکووک کرد، بینیویەتی کە رزگاربووانی هێرشە کیمیاییەکەی ساڵی 2016 داعش بۆ سەر شارۆچکەکە، هێشتا کاریگەریی گەورەی هێرشەکەیان لەسەر ماوە.

ریچەر ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوە لە چەکە کیمیاییەکانی داعشیان کردووەتەوە کاری لە پێشینە.

سەرۆکی تیمی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: “داعش چەندین مادەی کیمیایی کردووە بە چەک و لە شێوەی مووشەک، هاوەن و بۆمبی کیمیاییدا لە تازەخورماتوو بەکاریهێناون، کە بەر گەڕەکە سڤیلنشین و کێڵگە کشتوکاڵییەکان کەوتوون”.

ریچەر روونیکردەوە، تیمەکەی “تێڕوانینی پسپۆڕانە و شرۆڤە لەسەر ئەو چەک، پاشماوە و مادانە دابیندەکەن” کە لە تازەخورماتوو کۆکراونەتەوە. هەروەها گوتیشی: “قەبارەیەکی بەرچاوی بەڵگەی گۆڕەپانی جەنگ، لە نێویاندا تۆماری مووچەی داعش و پەیوەندییەکانیان دۆزراونەتەوە. ئەوە رێگە بە تیمەکەمان دەدات کەسانی تێوەگلاو دەستنیشان بکات و بزانێت چ پەیوەندییەکیان بە سەرکردە باڵاکانی داعشەوە هەبووە.”

ریچەر دڵنیایی بە ئەنجوومەنی ئاسایش دا کە “هیچ کەموکوڕییەک لە بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش لە عێراقدا نییە،” چونکە بە گوتەی خۆی، داعش “سیستمێکی بەڕێوەبردنی هاوشێوەی وڵاتانی هەبووە بۆ تۆمارکردنی کارەکانی”.

ریچەر هەروەها گوتیشی، بە سەرکردایەتیی تیمەکەیان، هەشت ملیۆن لاپەڕە لە بەڵگەنامەکانی داعش کراونەتە دیجیتاڵ کە لەلایەن دامودەزگەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەڵگیراون، وەکو هەنگاوی داهاتووش، یونیتاد ئەرشیفێکی ناوەندی دروستدەکات “کە دەبێتە کۆگەیەکی یەکخراوی هەموو بەڵگە دیجیتاڵییەکانی دژی داعش.”

هێرشەکەی سەر تازەخورماتوو بە یەکەم هێرشی کیمیایی دادەنرێت لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرابێت. لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، “زیاتر لە شەش هەزار دانیشتووی ناوچەکە بریندارببوون و دوو منداڵ چەند رۆژێک دوای بەرکەوتنیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری رزگاربووان تاوەکو ئێستاش بەدەست زیانە بەردەوام و درێژخایەنەکانییەوە دەناڵێنن

ساڵی 2014، داعش هێرشیکردە سەر عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانی کۆنترۆڵکرد و دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند. دوای سێ ساڵ لە شەڕی خوێناوی کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی شارەکان، بەزاندنی رێکخراوەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2017 لە عێراق راگەیێندرا، بەڵام شانە نووستووەکانی لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق هێشتا بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرش.