توێژینەوە: دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک رەنگە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە
هەولێر – نۆرس پرێس
توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانەوە ئەنجامدراوە، باس لەوە دەکات کە پرۆسەکانی دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددە پلاستیکەکان کە ئامانجیان کەمکردنەوەی پیسبوونە، رەنگە مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستی زیندەوەرەکان بە گشتی دروستبکات.
توێژەرانی زانکۆیەکی سکۆتلەندی و کەنەدا رایانگەیاندووە، پرۆسەکانی ریسایکل کردنی پلاستیک بە ئامانجی کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، ئەنجامێکی دژە بەرهەم دەهێنن، چونکە ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی گەردیلەی مایکرۆپلاستیک مەترسییان بۆ ژینگە هەیە.
شارەزایانی بواری ژینگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز دەکەن، هاوکاری دارایی پێشکەش بە خاوەن کارگەکان بکرێت تاوەکو زبڵ و خاشاکی خۆیان کۆبکەنەوە و بەکاریبهێننەوە، ئەوان دەڵێن ئێستا خاوەن کارگەکان بۆیان دەرکەوتووە، سووتاندن، یان فڕێدانی کەلوپەلە کۆنەکانیان زۆر بە سوودتر و کەم خەرجترە لە دووبارە کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەیان.
چۆن روودەدات؟
لە کاتی پاککردنەوەی پلاستیک لە کاتی کارەکانی ریسایکلکردندا، گەردیلە بچووکەکانی دزە دەکەنە ناو هەموو ئەو پاشماوە ئاوانەی کە لە کارەکانی شۆردندا بەکاردەهێنرێن.
ئەم ئاوە دەچێتە وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوی پیس یان راستەوخۆ بۆ ژینگە.
ئەگەر پێت وایە کە وێستگەکانی ئاوەڕۆ پشت بە فلتەرکردن دەبەستن بۆ ئەوەی ئەم گەردیلانە بکەنە ئامانج ئەوا بابەتەکە گەرەنتی نییە، وەک ئەندامانی تیمی توێژینەوەکە ئاماژەیان پێکردووە، نزیکەی 75 ملیۆن گەردیلەی پلاستیکیان دۆزیوەتەوە بۆ ناو هەر مەتر سێجا ئاوی پیس کە بۆ شۆردنی پلاستیک بەکاردێت.
ئەمەش لەکاتی بڵاوبوونەوەی بە هەوادا زیانێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت رەنگە ئێمە هەڵیبمژین و بەم شێوەیە لە خوێنماندا بسوڕێنەوە.
ئێستا لەسەر ئاستی جیهان تەنیا یەک لەسەر پێنجی پلاستیکی بەرهەمهێنراو، دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە.
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پێکهاتە پلاستیکییەکان لەسەر ژینگە، شارەزایان پێشنیازی ئەوە دەکەن پلاستیکی کوالیتی بەرز بەکاربهێنرێت، دانانی باجی زۆر لەسەر ئەو کارگانەی کە پلاستیک بەکاردەهێنن و هەروەها بەکارهێنانی پێکهاتەکانی دیکە وەک جێگرەوەیەک بۆ پلاستیک.
زاناکانیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم تەنۆلکانە مەترسی راستەوخۆ بۆ سەر تەندروستی زیندەوەرە زیندووەکان جگە لە مرۆڤ دروست دەکەن.