پشتیوانی ئەمریکی و وڵاتانی کەنداو بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا و جەنگی دژ بە “داعش”
دیمەشق– نۆرس پرێس
راگەێنراوێکی هاوبەشی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی ستراتیژی، کە دوێنێ چوارشەممە لە ریازی پایتەختی سعودییە بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا کردەوە، هەروەها پشتیوانی بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەربڕی کە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە شکستی کۆتایی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ناوچەکە.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزاری هەماهەنگی ستراتیژی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری و ئەمریکایان بە سەرۆکایەتی بەدر بن حەمەد بن حەمود ئالبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عەمان، بەڕێوەبرد. کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای کۆبوونەوەکەی دەکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە بارەگای سکرتاریەتی گشتی لە ریاز بەڕێوەچوو و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئامادەی بوو، پاکێجێک لە پرسە ناوچەییەکان لە نێویاندا سوریا تاوتوێ کرا.
سەبارەت بە پرسی سوریا، هەردوولا (ئەنجومەنی کەنداو و ئەمریکا) پابەندبوونیان نوێکردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا “بە شێوەیەک کە یەکێتی و سەروەری سوریا بپارێزێت و خواستەکانی گەلەکەی، بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، هاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەچاو بکرێت”.
وەزیرەکان پێشوازییان لە هەوڵە عەرەبییەکان کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە شێوەیەکی “هەنگاو بە هەنگاو” وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی راوێژکاری عەمانی گروپی پەیوەندیی وەزاری عەرەبی سەبارەت بە سوریا لە سەرەتای مانگی ئایاردا رێککەوتنیان لەسەر کردبوو.
لە میانی دیدارەکەدا وەزیرەکان پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەربڕی کە کار بۆ بەدیهێنانی شکستی “داعش” لە سوریا دەکەن، هەروەها سەرکۆنەی هەموو ئەو کارانەیان کرد کە هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەو هێزانە دەکەن.
بەگوێرەی راگەینراوە هاوبەشەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان کردەوە، بە پێی پێوەرەکانی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، گرنگی پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویستیان کردووەتەوە بۆ پەنابەرانی سوریا و ئەو وڵاتانەی کە میواندارییان دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا بانگەوازیان بۆ ئاگربەست لە سوریا دووپاتکردەوە، هەروەها پێشوازییان لە بانگەوازی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ نوێکردنەوەی ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ماوەی 12 مانگ بۆ بەڕێوەبردنی میکانیزمی هاوکارییە سنوربڕەکان، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ کردنەوەی بەردەوامی دەروازە سنوورییەکانی (باب ئەلهەوا، باب ئەلسەلام و ئەلرای) دەربڕی و داوایانکرد بخرێتە بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشەوە کە لە مانگی تەمموزی داهاتوودا دەردەچێت.
هەردوولا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، پرسی “دەستگیرکراو و ونبووەکان”یان تاوتوێ کرد، وەک لە بەیاننامەی عەمان و بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە.
جگە لە پرسی سوریا، وەزیرەکان تیشکیان خستە سەر هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو.
بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ریازی پایتەخت کۆبوونەوەی وەزاری داهاتووی هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش بەخۆوە ببینێت، کە وەزیرەکان جەختیان لەسەر گرنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و توندوتیژی لە سەرانسەری جیهان کردەوەتەوە.