ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە كۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات كە لە میانیدا، پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوو دەخاتە دەنگدانەوە.

فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی بڵاوكردەوە.

بەپێی كارنامەكە، دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران یەك تەوەر لەخۆدەگرێت كە ئەوەیش تایبەتە بەدەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023،2024،2025.

وابڕیارە دانیشتنەكە لەكاتژمێر1ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.

دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا داوای لە گشت فراكسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەكڕیزی، بەرگریی لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان لە ناو پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵیدا بكەن.

هاوپه‌یمانی بەڕێوەبردنی ده‌وڵه‌ت كه‌ كورد به‌شێكی گرنگی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقدا، دوێنێ بڕیاریانداوه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا بكه‌ن و پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وە هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شه‌وی رابردوو له ‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا بڕیاریانداوه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا بكه‌ن و ده‌نگ به‌ 67 مادده‌كه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵ بده‌ن.

بە گوێرەی زانیارییە پێشوەختەکان سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت نەک وەزارەتی دارایی عێراق.

هەروەها ئەوەش روونبووەتەوە کە لە خاڵی سێیەمی ئەو رێککەوتنە ئاماژە بەوەکراوە، لە بەرامبەر پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.