کۆبوونەوەی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش” لە ریاز بەڕێوەدەچێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ریازی پایتەختی سعودییە، کۆبوونەوەی وەزاری “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش” بە ئامادەبوون و بەشداری 85 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی، بە نوێنەرایەتی وەزیرانی دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و کەسایەتییە ئارەزوومەندەکان، بەڕێوەدەچێت.
سعودیە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کاراکتەرە سیاسییەکانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش”، کە لە لاهای بەڕێوەچوو، رایگەیاند، کە ئەوان میوانداری کۆبوونەوەی وەزاری داهاتووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ ساڵی 2023 ، لە “بەرجەستەکردنی رۆڵی چالاکانەی وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، و هاوتەریب لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی سعودییە لە بەرەنگاربوونەوەی قەوارە تیرۆریستییەکان بە هەموو شێوازەکانیانەوە، و رۆڵی لە پشتیوانیکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم رێکخراوە توندڕەوانە”.
سەرچاوەیەکی سعودی بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی راگەیاندووە، پێشبینی دەکات “هەندێک لە وڵاتانی ئەندام هاوکاری ماددی پێشکەش بەو وڵاتانە بکەن کە لەلایەن ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دیاری دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان”.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڵاویکردۆتەوە، سعودیە یەکێکە لە گرنگترین ئەندامانی دامەزرێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەوپێیەی لەڕووی ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لە پلەی دووەمدایە، هێزی ئاسمانی شاهانەی سعودییە بەکۆی گشتی 341 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ پشتگیریکردن لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لە سوریا.
بە گوێرەی ئاژانسی “شەرقولئەوسەت” لە مانگی ئابی 2018دا، سعودییە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار، بەشداریکردنی لە هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش راگەیاندووە، بۆ پشتیوانی لە پڕۆژەکانی سەقامگیری لە ناوچە رزگارکراوەکانی دەستی داعش لە رۆژئاوای کوردستان.
جگە لەوەش ریاز بەڵێنی 500 ملیۆن دۆلاری بە ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە، بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووری و عێراقی و نەتەوەکانی دیکە، کە بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.
گوتەبێژی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش”، رەچەڵ جێفکۆت، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە “زیاتر لە 600 ئەندامی داعش لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵی 2022دا کوژراون” جێفکۆت ئاماژەی بەوەشکرد کە 374 ئەندامی رێکخراوەکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لەمساڵدا دەستگیرکراون ، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەمساڵدا بەردەوام دەبێت بۆ پشتگیریکردنی هاوبەشەکانی بە مەبەستی “فشاری زیاتر لەسەر داعش”.
داعش کە لە ساڵی 2014دا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچە بەرفراوانەکانی سوریا و عێراق راگەیاند، بە کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی ئەمنیی ئەو دوو وڵاتە، لە ساڵی 2017دا یەکەم شکستی عێراق و دواتر لە 2019دا لە سوریا و سەرجەم ناوچەکانی کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا، بەپێی ئەوەی لەو کاتەدا لەلایەن دەزگا فەرمییە نێودەوڵەتییەکانەوە راگەیەندرابوو، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە مانگی ئایاری 2022 پشتڕاستی کردەوە کە رێکخراوەکە هێشتا هەڕەشەیە لە ناوچەکە، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی شەڕی دژی داعش لە سوریا و عێراق کردووەتەوە.