بەهۆی ژەهراوی بوون بە خۆراک.. رۆژانە یەک ملیۆن و 600 هەزار حاڵەت تۆماردەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ساڵانە لە هەر 10 کەسێک یەکێکیان بە هۆی خۆراکی پیسەوە نەخۆش دەکەوێت. ئەمەش لە میانی ئاهەنگگێڕانی رێکخراوەکە بۆ رۆژی جیهانی سەلامەتی خۆراک هات، کە دەکەوێتە 7ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکەوە و ئەمساڵ دروشمەکەیان بریتیی بوو لە”خۆراکی تەندروستی ژیان رزگار دەکات”.
سەلامەتی خۆراک لە کێڵگەوە بۆ سەر خوانەکان، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێویستی بە کۆنترۆڵکردن هەیە و بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشییە گواستراوەکانی خۆراک کە بە مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دادەنرێت.
رێکخراوەکە زیاتر لە 200 سەد نەخۆشی دۆزیوەتەوە، لە سکچوونەوە تاوەکو شێرپەنجە، بەهۆی ئەو خۆراکانەی کە پیس بوون بە بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر یان مادەی کیمیایی.
رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس دووچاری ئەو نەخۆشییە دەبن، بە تێکڕا دوای خواردنی خۆراکی پیسکراو، لە کاتێکدا تێکڕای ساڵانەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە دەگاتە 600 ملیۆن حاڵەت.
سکچوون کە لە ئەنجامی خواردنی خۆراکی پیسەوە دروست دەبێت، باوترین نەخۆشییە، کە 500 ملیۆن کەس تووشی دەبێت و ساڵانە نزیکەی چارەک ملیۆنێک گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە.
لە کاتێکدا خۆراکی ناپارێزراو ساڵانە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەکوژێت، بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر گروپە لاوازەکان و دانیشتوانی کاریگەری ململانێ و کۆچبەران دەبێت.
لە کاتێکدا منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ 40%ی بەهۆی خۆراکی پیسەوە دووچاری ئەم نەخۆشییە دەبن.
لە رۆژی جیهانی سەلامەتی خۆراکدا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە سەلامەتی خۆراک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. زۆر گرنگە کە هەموو ئەو کەرتانەی بەشدارن لە زنجیرەی دابینکردنی خۆراکدا، لە جووتیاران و پرۆسێسەرەکانەوە تا فرۆشیاران و بەکاربەران، هاوکاری یەکدی بکەن تاوەکو خۆراکەکە بە پاکی و پارێزراوی بگاتە بەکاربەران
.