گروپی عەمشات دەستیکردووە بە سەرانە وەرگرتن لە دانیشتوانی کەمپێکی عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
گروپی سوڵتان سلێمان شا کە بە “عەمشات”ناسراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی کەمپی قەتەری نزیک شارۆچکەی شێخ حەدید/ شییە لە گوندەورای عەفرین، دەستیانکردووە بە سەرانە وەرگرتن لە دانیشتوانی کەمپەکە، دوای ئەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە یارمەتییەکی داراییان وەرگرت.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی کەمپەکە، کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، رایگەیاند، رێکخراوی “ئاکتد”ی فەرەنسی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڕی 150 دۆلاری داوە بە هەر خێزانێکی خەڵکی شارۆچکەی جیندێرس کە لە ناو کەمپەکە دەمێننەوە وبەهۆی بوومەلەرزەی 6 شوباتەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەر فەرمانی گروپی عەمشات، ئیدارەی کەمپەکە ئاوارەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە پێویستی پێدانی 50 دۆلار بۆ هەر خێزانێک کە لە داتای بەخشینەکانیدا تۆمارکراون، ئەگەر نا ئەوە لە کەمپەکە دەردەکرێن و بێبەشدەکرێن لە هاوکارییە پێشکەشکراوەکانی رێکخراوەکە.
ئەم رووداوە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا لەلایەن گروپی “عەمشات” دووبارە بووەوە، کاتێک رێکخراوێک 150 دۆلاری بەسەر قوربانیانی بوومەلەرزەکەدا دابەشکرد، عەمشات داوای لە دانیشتوانی کەمپی قەتەری کرد 50 دۆلاری وەکو سەرانە بدەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمپی کوێتیش کە دەکەوێتە نزیکی شێخ حەدید، بەهەمان شێوە بەدەست گروپی عەمشات دەناڵێنێت.
کەمپی قەتەر و کوێتی بە پاڵپشتی وڵاتی قەتەر و بە هاوکاری مانگی سووری قەتەری و مانگی سووری تورکی لە شوباتی رابردووەوە لە دوای بوومەلەرزەکەوە دروستکراون.