فەرعان حەسەنزادە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، دەستبەسەرە و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

هەولێر – نۆرس پرێس

هاوڵاتییەک بە ناوی فەرعان حەسەنزادە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، فەرعان حەسەنزادە، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکان و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

ڕۆژی سێشەممە، فەرعان حەسەنزادە لە بازگەی “نەڵیوان”ی شاری شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراو پێشتر لە ڕۆژی شەممە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە دژبەر و نەیارەکانی ئێران سزای 2 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و دواتر ئەم سزایە بۆ ساڵێک و چوار مانگ بەندکردن کەم کرایەوە.